هونەرمەند “یاسین قادر بەرزنجی” کتێبخانەکەی پێشکەشی زانکۆی سلێمانی کرد
رۆژی ٢٠٢٤/١١/١٨، لە مەراسیمێکدا هونەرمەند و نووسەری ناسراوی کورد “یاسین قادر بەرزنجی” کتێبخانەکەی خۆی بە رەفەکانییەوە پێشکەش بە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی کرد.
لە مەراسیمەکەدا کە پ.ی.د. کۆزاد محەمەد، راگری کۆلێژی هونەرەجوانەکان و یاریدەدەرەکەیی و مامۆستایان و هونەرمەندان و خانەوادەی نووسەری پێشکەشکار ئامادەی بوون، نووسەر و هونەرمەند “یاسین قادر بەرزنجی” کتێبخانە تایبەتییەکەی خۆی بە کۆلێژی هونەرەجوانەکان بەخشی.
لەبارەی بەخشینی ئەو کتێبخانەیە بە زانکۆی سلێمانی، د. دڵشاد مستەفا سەرۆکی بەشی فلیمسازی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان، بە (ساتی زانکۆ)ی راگەیاند: یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ دەوڵەمەنکردنی کتێبخانەی ناوەندە ئەکادیمییەکان بەخشینە، لەو روانگەیەشەوە نووسەر و هونەرمەند “یاسین قادر بەرزنجی” کتێبخانەکەی خۆی بەخشی بە کۆلێژی هونەرەجوانەکان.
وتیشی: ئەم بەخشینە جۆرێکە لە دەستکەوت بۆ کۆلێژی هونەر، لەبەرئەوەی ئەو سەرچاوانەی کە لەلای کەسێکی بە ئەزموونی نووسەر و هونەرمەندێکی وەک (یاسین بەرزنجی) کۆدەبێتەوە، سەرچاوەی دەگمەنن و بەردەستی نە خوێندکار نە هەندێک لە مامۆستاکان ناکەون.
د.دڵشاد مستەفا، ئاماژەی بەوەشدا: کاتێک سەرچاوەی وا دەوڵەمەند دێتە ناو کتێبخانەکەوە خوێندکارانی (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) سوود لەو سەرچاوانە دەبینن، بۆیە هیوادارم هەموو ئەو کەسانەی تر کە وەک ئەو هونەرمەندە بە ئەزموونە خاوەنی کتێبخانەی دەوڵەمەندن بە سەرچاوەی جۆراوجۆر، لە جیاتی ئەوەی لەناو کارتۆن و شوێنی تر هەڵیبگرن، بینێرن بۆ ئەمجۆرە کتێبخانانە، بۆ ئەوەی سوود بەناوەندی ئەکادیمی و روناکبیری و هونەری بگەیەنن.
هاوکات، یاسین قادر بەرزنجی نووسەر و هونەرمەند، بە (سایتی زانکۆ)ی وت: شانازی دەکەم کە توانیومە کتێبخانەکەم بە دۆڵابەکانییەوە پێشکەش بە کۆلێژی هونەرەجوانەکان بکەم و هەر بە ناوی خۆمەوە وەک کتێبخانەیەک لە کۆلێژەکە بیکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: کتێبەکان نزیکەی دوو هەزار سەرچاوەی جۆراوجۆرن، بڕیاریشمداوە بەردەوام کتێبی نوێیان بۆ بهێنم، بەهیوام خوێندکاران و مامۆستایان سوود لە سەرچاوەکان وەربگرن.