پازۆلینی؛ لە بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانییە بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانی بە هاوبەشی ڕێکخراوی «ئای فیلم»، کۆڕێکی ناساندن بۆ کتێبی «پازۆلینی لە زمانی پازۆلینییەوە» ڕێک دەخات. کتێبەکە یەکێکە لە سەرچاوە هەرەبایەخدارەکان بۆ ناسین و ئاشنابوون بە دونیای پازۆلینی، کە بیرمەند و ئەدیب و سینەماکارێکی مەزنی ئیتاڵییە و لە مێژووی فیلمسازیی و سینەمادا پێگەیەکی ئێجگار بەرزی هەیە. کتێبەکە لەلایەن «جۆن هاڵیدەی»یەوە ئامادە کراوە و حەمەی مەلا کردوویەتی بە کوردیی، ئەم کتێبە یەکەم کتێبی چاپکراوی ڕێکخراوی «ئای فیلم»ە بۆ پەرەپێدانی فیلم و سینەما. لە کۆڕەکەدا، پ.ی.د. دڵشاد مستەفا؛ سەرۆکی بەشی فیلمسازیی، بە شێوەیەکی چڕوپڕ و پووخت سینەمای پازۆلینیی دەناسێنێت، سەرباری ئەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکە دەخاتە ڕوو و بەها و گرنگییەکەی بۆ ئەکادیمیست و هونەرمەندان و فیلمسازانیش ڕوون دەکاتەوە. هەر لە کۆڕەکەدا حەمەی مەلا، وەرگێڕی کتێبەکە ئامادە دەبێت و لەسەر پازۆلینیی و کەسێتییە فرەڕەهەند و پڕکارەکەی دەوەستێت، کە لە یەککاتدا: هونەرمەند، بیرمەند، سیاسەتوان، ئەدیب و فەیلەسووف بووە و خاوەنی ژیانێکی پڕ چالاکیی و ڕووداوی گەورە و مشتومڕئامێز بووە. کۆڕەکە سبەینێ ڕۆژی سێشەممە، «٢٠٢٤/٥/٧» کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لە هۆڵی مامۆستا عەلی جۆڵا لە کەمپەسی نوێی زانکۆی سلێمانی بەڕێوە دەچێت. لە هەمان شوێن کتێبەکە بەردەست دەبێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بیکڕن. هاتن بۆ هەمووانە