دوو خوێندکاری بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی وەردەگرن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مۆنۆدرامای قەڕتاج لە وڵاتی تونس، مۆنۆدرامای «سەلمە»، کە شانۆنامەیەکی پ.ی.د. دڵشاد مستەفا؛ مامۆستا و سەرۆکی بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانییە و نەژاد نەجم ئامادەی کردووە بۆ نماییش و هەریەکە لە هەوار فارس و ئۆغێللی ئەمپێرت، خاتوونە شانۆکاری فەرەنسیی لە نماییشەکەدا ڕۆڵی کارەکتەرەکانیان وازی کردووە. بابەتی مۆنۆدراماکە تراژیدیا و کۆژانەکانی کوردستانی باشوورن کە لە ڕێی هەردوو کارەکتەری مۆنۆدراماکەوە بەرجەستە دەکرێن و هەر یەکەیان لە بەشێکی شانۆکەدا و بە تەنیا گوزارشت لە چیرۆک و ڕووداوەکانی ناو نمایشنامەکە دەکەن. «سەلمە»؛ بەرهەمی گرووپی شانۆی هەوارە، بەر لەوەی لە فێستیڤاڵی مۆنۆدرامای قەڕتاج نماییش بکرێت، لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان نماییش کراوە، لە خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی قەڕتاجیش بە ناوی هەرێمی کوردستان و عێراق و فەرەنساوە نمایش کرا، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و خاتوو ئۆغێللی ئەمپێرتیش هاوڵاتییەکی فەرەنسییە. فێتسیڤاڵی نێودەوڵەتیی مۆنۆدرامای قەڕتاج؛ یەکێکە لە فێستیڤاڵە گەورەکانی وڵاتانی عەرەبیی کە ساڵانە شانۆکاران لە هەموو کیشوەرەکانی دنیاوە بەشداریی تێدا دەکەن، شانۆییەکان لە بوارەکانی نماییشی ناو هۆڵ و فەزای کراوە و حەکایەتخوان و لە بەشەکانی نماییشی سەرەکیی و بەشی دادوەران و گەنجاندا کێبەرکێ دەکەن. مۆنۆدرامای سەلمە لە نێو ٣٠ کاری شانۆییدا کە لە ١٥ وڵاتەوە هاتبوونە فێستیڤاڵەکە، سێ نماییشی لە فەزای کراوە و ناو هۆڵدا پێشکەش کرد و سەرنجی بینەران و دادوەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و لە ناو هەموو نماییشەکاندا خەڵاتی لیژنەی دادوەرانی پێشکەش کرا. جێی ئاماژەپێدانە سەرباری ئەوەی نووسەری دەقەکە مامۆستا و سەرۆکی بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانییە، نەژاد نەجم و هەوار فارس-یش دوو لە خوێندکارە دیار و بەهرەمەندەکانی هەمان بەشن و خاوەنی چالاکیی هونەریی زۆرن و براوەی چەندان خەڵاتی ناوخۆیی و دەرەکیین. ئەم خەڵاتە بەشێکە لە چەند خەڵاتێکی دیکە، کە ئەمساڵ خوێندکارانی بەشی فیلمسازیی بە بەشدارییان لە نماییشی شانۆیی و بەرهەمهێنانی کورتەفیلم چنیویاننەتەوە و هەنووکە چەند خوێندکارێکی دیکەی هەمان بەش لە چەند فێستیڤاڵ و چالاکیی هونەریی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکییدا بەشدارن و پێشبینیی خەڵات و دەنگدانەوەی هونەریی زۆر باشیان لێ دەکرێت. هەر لە میانەی شەشەمین فێستیڤاڵی مۆنۆدرامای قەڕتاجدا، نەژاد نەجم، کە خاوەنی ئەزموونێکی درێژی نوواندنی شانۆییە لە بواری شانۆی مۆنۆدراما و شانۆی سەرشەقامدا؛ ۆرکشۆپێکی پێنج ڕۆژیی بۆ شانۆکارانی وڵاتی تونس ڕێکخست بە ناونیشانی «درووستکردنی ئەکتەری بەئاگا لە شانۆی شەقامدا» و بەرهەمی ۆرکشۆپکەش نماییشێکی شانۆیی بوو کە بووە مایەی پەسندانی بینەران